کەمکردنەوەی کاریگەری لافاو لەسەر شاری هەولێرو دەورووبەری
پارێزگاری هەولێر : ” ئەمساڵ، بۆ چارەسەری گرفتی ئاو، بە گوژمەی (18 ملیار دینار) ( 451 ) پڕۆژەمان ئەنجامداوە، هەولێر لە هاوین و زستانی داهاتوودا بێگرفت دەبێت”
2024.9.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان لە بارەی کۆبوونەوەی فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و چارەسەرییەکانى كێشە و گرفتەکانى ئاو لە هاویندا، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر دووتەوەری گرنگ یەکێکیان هاوینی ئەمساڵ و ئیدارەدانی کێشەی ئاوی هەولێر، ئەوەی دیکەش تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکان بۆ زستان و وەرزی بارانبارین و ڕێگریکردن لەسەر مەترسی دروست بوونی لافاو.
گوتیشی، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنمان بۆ هاوینی ئەمساڵ کرد، سوپاس بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمساڵ بە گوژمەی ( 18 ملیار دینار ) ( 451 ) پڕۆژەمان ئەنجامدا، ئەوانیش بریتی بوون لە بیری بەدیل و قوڵکردنی بیرەکان و لێدانی ( 63 ) بیری نوێ لە هەولێر و دەوروبەری و چاککردن و فراوانکردنی تۆڕی ئاوی ئیفراز و بۆڕییەکانی ئاوی ئیفراز و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری مولیدە ئەهلییەکان و نیشتیمانی بۆ ( 280 ) بیری ئاوی گەڕەکەکان و دابینکردنی ( 128 ) تەنکەری ئاو کە بەبەردەوامی ئاویان بۆ گەڕەک و ئەو شوێنانە دابین دەکرد کە گرفتی کەمی ئاویان هەبوو، هەموو ئەوانەش بەیەکە تاڕادەیەکی زۆر توانرا کێشەکانی ئاو کەمبکرێنەوە و هاوینی ئەمساڵ جیاوازبێت لەگەڵ هاوینەکانی ساڵانی ڕابردوو، ڕاستە هێشتا لە هەندێک شوێن گرفتەکان بەردەوامە، ئەوانیش لە ڕۆژانی داهاتوودا چارە دەکرێن”.
ئاماژەی بەوەشدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیجی لە هەولێر دانرا، لە ئاوی فریاگوزاریی هەولێر و قوشتەپە و دروستکردنی بەنداو و پۆند، هەر بۆیە هەولێر لە هاوین و زستانی داهاتوو بێگرفت دەبێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “لەتەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و ئامادەكاریی فەرمانگەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و گرفتێک، سەرجەم لایەنەکانمان ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە و دووبارە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى ئاوی سروشتى باران”.
کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکان بۆ وەرزی دابارین بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری لافاو لەسەر شاری هەولێرو دەورووبەری لە دیوانی پاریزگای هەولێر بەسەر پەرشتی بەڕێز پارێزگار



