شەممە 2025.10.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای خەبات و بەڕێوەبەرانی گشتی کشتوکاڵ و شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە، پڕۆژەی دانانی وێستگەی سیستمی ئاودانی دارستانی قەزای خەبات بەسەر کردەوە، کە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
لە بەسەر کردنەوەکەیدا، دوای ئەوەی لە نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی کۆڵییەوە، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانی پڕۆژەکە کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی پڕژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە.
جێگەی باسە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی و نەبوونی ئاوی پێویست و سیستمی ئاودان، بەشێکی زۆری دارەکانی دارستانی قەزایی خەبات، لە ساڵی پەنجایەكانی سەدەی ڕابردوو لەسەر زیاتر لە 400 دۆنم زەوی دروستکراوە و پێشتر هاوڵاتییان وەك ناوچەیەكی گەشتیاری سوودیان لێی وەردەگرت، بەرەو وشکبوون چوون، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی دارستانەکە و لە پێناو بوژاندنەوەی لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی هەموو کوردستان دەستکرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەیەکی تایبەت بە سیستمی ڕاکێشانی ئاو لەزێی گەورە بۆ دارستانەکە لەسەر پڕۆژەی ئاودێری خەبات بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر.



















