کوردستان (بە کوردیی باکووری: Kurdistan, /ˌkʊɾdɪˈstɑ:n/ (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)، بە واتای خاکی کوردان) ھەرێمێکی جوگرافی لە ڕۆژھەڵاتی ناوینە کە زۆربەی دانیشتووانی لە خەڵکی کورد پێکدێن. کوردستان لە ئێستادا لە چوار پارچەی باکوور (ڕۆژھەڵات و باشووری تورکیا)، باشوور (باکووری عێراق)، ڕۆژھەڵات (ڕۆژاوای ئێران) و ڕۆژاوا (باکووری سووریا) پێکھاتووە. لە مێژوودا کوردستانی سوور (لە یەکێتیی سۆڤیەت) وەکوو بەشێک لە کوردستان ھەژمار کراوە. دیارکردنی سنوورەکانی کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگ و چەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی لە خاکی کوردستاندا باڵادەستن وەکوو یەکەیەکی جوگرافی یان نەتەوەیی دان بەبوونی کوردستان نانێن، بەڵکوو زیاتر بە ناوچە کوردنشینەکان ناوی دەبەن. لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە، ھەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان[ا] و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا لە ڕۆژاوای کوردستان[ب] دوو حکوومەتی خۆبەڕیوەبەری کوردن کە لەم دوو بەشەی کوردستاندا باڵادەستن. کوردستان لە ئێراندا بەفەرمی تەنیا وەکوو پارێزگایەک ناسراوە. ھەروەھا کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەفەرمی نەناسراوە و ناوی کوردستان لە تورکیا نایاسیییە.[٤]

مێژوو
چەرخی کۆن
لە سەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا ھۆزەکانی گۆتی، حووری، مانناکان و مادەکان ژیاون.[٥] ژینگەی سەرەکی ھۆزی مانناکان باشوور و ڕۆژھەڵاتی زرێچەی ورمێ بووە، و دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی لە دەوارندەوری ئێستای شاری بۆکان.[٦] لە سەردەمی داریووشی سێیەم و ئەسکەندەر، مادەکان ھاتنە ژێر فەرمانی پارسەکانەوە. پاشایەتی کاردۆخ (کاردۆکان) لە باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی وان کە دەکەوێتە نێوان پارسەکان و مێزۆپۆتامیا، کاتی لاوازبوونی ئیمپراتۆری ساسانی سەربەخۆ بوو و لە ١٨٩ی پێش زایین تا ٣٨٤ی پاش زایین حوکمڕانی دەکرد بەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاناتۆلی. ڕۆمییەکان لەکاتی زۆرداری لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، بە سەر بەشێکی گەورەی ژینگەی کوردەکان، بەتایبەت بەشی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان حوکمڕانیان دەکرد. کاردۆخ بووە ناوچەیەکی باجدەری ڕۆم لە ساڵی ٦٦ی پێش زایین ھەتا ٣٨٤ی دوای زایین. کاردۆخ کەوتبووە ڕۆژھەڵاتی «سیلوان» کە شارێکە لە ڕۆژھەڵات و باشووری دیاربەکری ئەمڕۆکە. ھێندێ لە مێژووناسەکان نێوان کاردۆخ و ناوە ئەمڕۆیییەکانی کورد و کوردستان پێوەندی دەزانن.[٧][٨][٩] ھەڵبەت ھێندێکیش دژی ئەوەن[١٠]؛ بەڵام لە زانستنامەی کۆلۆمبیادا ئەوە سەلمێندراوە.[١١]

یەکێک لە کۆنترین بەڵگە دۆزراوەکان لە بەکارھێنانی وڵاتی کوردەکان، بەڵگەیەکی ئایینی مەسیحی سریانییە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی عەتیق، کە گێڕانەوەی گەڕانی قەشەیەکی خەڵکی ئاشوور، بە ناوی “ئابدیشۆ” دەکات بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین. کاتێ بەرەو ساسانیان دێت، لەسەر سنوور لێی دەپرسن کە لە کوێوە ھاتووی، وەڵام دەداتەوە کە دایک و بابم لە ھەزا بوون؛ کە ھەزا گوندێک بووە لە ئاشووردا. لە درێژەدا دەڵێت کە لەلایەن بێ دینەکانەوە لەو شوێنە دەرکراون و لە تامانۆن جێگیر بوون؛ کە وەک ئابادیشۆ دەڵێت، لە وڵاتی کوردەکاندا بووە. “تامانۆن” دەکەوێتە ڕاست سەر سنووری تورکیا و عێراقی ئێستا و ھەزا لە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شاری ھەولێری ئێستایە. لە جێگەیەکی دیکە ھەر لەم بەڵگەیەدا، لە ناوچەی خابوور، بە وڵاتی کوردەکان ناوبراوە.[١٢]