پارێزگارى هەولێر، داواى لە لیژنەی شارەوانی پەرلەمان کرد، ماوەى یاسایی بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان درێژبکرێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.9.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە شاندێکى لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارى پەرلەمانى کوردستان کرد، به سهرۆكایهتیی لوقمان وهردى، سهرۆكی لیژنهكه.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرى ئاودێرى و بەڕێوەبەرى شوێنەوارى هەولێر و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا ئامادەی بوون، تیشک خرایەسەر ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و جەخت لە سەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمانى کوردستان و ئیدارەى پارێزگاى هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر به ھاووڵاتییان کرایەوە.
پاشان بەشێوەیەکی گشتیی چهند پرسێكی گرنگ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر گفتوگۆی لهبارهوه كرا، له وانهش زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتیی، پڕۆژە تەواونەکراوەکان، ئاستی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری، پاراستن و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی شار، خزمەتگوزاریی گواستنەوە و گەیاندن، جێبەجێکردنی یاسای بە خاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بایەخ و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری و شوێنەوار لە سنووری پارێزگاى هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنانیان، ڕایگەیاند: “بۆ چاودێرکردنى کارەکانمان وەکو پارێزگاى هەولێر ئەوپەڕى ئامادەیمان هەیە و هەموو دەرگاکانمان کراوەیە بۆ لیژنەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر”، سەبارەت بە یاسایی پەرلەمانى کوردستانیش تایبەت بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، کە ماوەکەى تاکو 2022.9.9 بوو، پارێزگارى هەولێر داواى لە لیژنەى ناوبراو کرد دووبارە ماوەى یاساكه لە پێناو بەرژەوەندى هاوڵاتییان درێژبکرێتەوە و دەرفەتى زیاتریان پێبدرێت بۆ بە ناوکردنى خانووەکانیان.