پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى باخچەى پاراستنی ڕووەکی هەولێری بەسەرکردەوە
له ڕێکەوتی 2024.9.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، بە یاوەرى قائیمقامى قەزایی بنەسڵاوە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و بەرێوەبەرى ناحییەى کەسنەزان و بەڕێوەبەرانى ئاودێرى و ئاوەڕۆى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى کەسنەزان، پڕۆژەى باخچەى پاراستنی ڕووەکی هەولێرى بەسەرکردەوە.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا پارێزگارى هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرى باخچەکە لە نزیکەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان و پێداویستیەکانى کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و تیم و سەرپەرشتیارانى باخچەکە کرد، کە هەموو هەوڵێکى خۆیان خستۆتەگەڕ لە پێناو پاراستنى ڕووەکە تایبەتەکانی کوردستان لە لەناوچوون و گەشەپێدانیان و پیشاندانی جوانییەکانی کوردستان بە جیهان.
جیگەى باسە، باخچەی پاراستنى ڕووەکی هەولێر، کار دەکات بۆ ئەوەی نەهێڵيت ڕووەکە تایبەتەکانی کوردستان لەناوبچێت و گەشەیان پێ دەدات، لە سەر ڕووبەری 250 دۆنم زەوى دروستکراوە و لەلایەن پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمە جگە لەوەى وەک شوێنێکی گەشتیاریش سوودی لێ دەبینرێت.




