لە هەولێر…

ڕۆژی جیهانی كاتژمێری زەوی

روزى شەممە 22_03_2025، لەژێر چاودێری بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی د.ئیدریس محمد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی ئیداری شاری هەولێر، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەییە لە کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی و بڵاوکردنەوە هۆشیاری ژینگەیی، لە هەولێر ڕۆژی جیهانی كاتژمێری زەوی لەلایەن ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگەیی بەهەماهەگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەشێک لەلایەنە ژینگەییەکان بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی چەند خولەکێک ڕووناکی کارەبا کوژایەوە و مۆم داگیرسێنران.

لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ناوبراو و سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە، دەستخۆشی لە سەرجەم فەرمانگە و ڕێکخرا و چالاکوانانی ژینگە پارێزی سنووری پارێزگای هەولێر کرد، لەو هەوڵ و کار و چالاکیانەی لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی ئەنجامیانداوە، هەروەها باسی لەسەرجەم ئەو هەنگاو وڕێگا چارەسەریانە کرد کە لەلایەن پارێزگای هەولێر، بەپاڵپشتی ڕاستەوحۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەچوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەش و هەوا و کێشەکانی گیراوەتەبەر.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر پڕۆژەی ڕووناکی وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی لە خزمەت هاوڵاتییان و پاک و خاوێنی ژینگە.

جێگەی باسە، چالاكی كاتژمێری زەوی چالاكییەكی جیهانیە و بەبەشداری زیاتر لە 150 وڵات، ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ئەوڕۆژە لە كۆتا شەممەی مانگی ئازار لەدوای كاتژمێر 8:00ی شەو ئەنجامدەدرێت، مەبەست لەئەنجامدانی ئەو چالاكییە زۆر بوونی ئەو كێشە ژینگەییانەیە كە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەهۆی كەمی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لە كۆمەڵگەكان، وەک زۆر بەكارهێنانی كارەبا و زۆر بوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان لەشارەكان و پیسکردنی شوێنە گشتییەکان و زۆر بوونی ژاوەژاو و پیسبوونی هەوای شارەكان و پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی هۆشیاریەکی بەرزی ژینگە پارێزی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتە بیندراوەکان